ئه‌و قوڕئانخوێنه‌ لێهاتووه‌ له‌ بڕواری ٢ی خه‌رمانانی ١٣٢٩ له‌ گوندی «ماهیده‌ر شێخ» سه‌ر به‌ ناوچه‌ی خورخوره‌ی سه‌قز چاوی له‌دونیا هه‌ڵێنا. له‌ ته‌مه‌نی یه‌ك ساڵیدا تووشی نه‌خۆشی گوڕۆكه(آبله) ده‌بێ و به‌هۆی ئه‌و نه‌خۆشییه‌ له‌ نیعمه‌تی بینایی بێ‌به‌ش ده‌بێ. تاكوو ته‌مه‌نی ٢٠ ساڵی سه‌فه‌ری زۆری بۆ به‌ده‌ستهێنانی عیلم و زانست كرد كه به‌رهه‌مێكی ئه‌وتۆی نه‌بوو. له‌ ته‌مه‌نی ٢٠ ساڵیدا چوو بۆ خزمه‌ت شێخ عوسمان نه‌قشبه‌ندی و له‌سه‌ر ‌ڕاسپارده‌ی ئه‌و، بۆ له‌به‌ركردنی قوڕئانی پیرۆز به‌ره‌و سلێمانی ڕۆیشت.

دوای چوون بۆ سلێمانی له‌ مزگه‌وتی كاك ئه‌حمه‌د شێخ له‌ خزمه‌ت مامۆستایانی ئه‌وێ ده‌ستی به‌ خوێندنی قوڕئانی پیرۆز كرد و توانی ته‌واوی قوڕئان له‌به‌ر بكات.

له‌ ساڵی ١٣٥٣ی هه‌تاوی بۆ سه‌قز گه‌ڕایه‌وه‌ و له‌وده‌مه‌وه‌ تاكوو چه‌ند مانگ پێش كۆچه‌كه‌ی، به‌ فێركردن و ڕاهێنانی ڕووخوێنی، ڕه‌وانخوێنی و ته‌جویدی قوڕئانی پیرۆز سه‌رقاڵ بوو. زیاتر له‌ سه‌دان كه‌س له‌ خزمه‌ت به‌ڕێزیان فێری قوڕئان بوون و بڕوانامه‌ی قوڕئانخوێندن و مۆڵه‌تنامه‌ی وانه‌وتنه‌وه‌یان به‌ده‌ست هێنا.

له‌ ساڵی ١٣٧٥ بوو به‌ ئه‌ندامی بێهزیستی و وێڕای فێربوونی ته‌واوه‌تی شێوه‌نووسینی بریل، سه‌رقاڵی فێركردنی كه‌سانی كوێری تریش بوو بۆ ئه‌و شێوه‌نووسینه‌. به‌ڕێزیان بۆ ئاسووده‌یی كه‌سانی نابینا، بنكه‌یه‌كی خزمه‌تگوزاری بۆ ئه‌و چینه دامه‌زراند كه له‌لایه‌ن چینی كه‌م‌ئه‌ندامه‌وه‌ پێشوازییه‌كی زۆری لێ كرا و چالاكیی به‌رچاوی زۆری له‌و بواره‌وه‌ پێشكه‌ش كرد.

مامۆستا فه‌یزبه‌خش، زۆر حه‌زی له بابه‌ته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان -به‌تایبه‌ت بابه‌ته‌كانی سه‌باره‌ت به‌ كوردستان- بوو. له‌ بواری ئه‌ده‌بیات و شێعریش چالاكی هه‌بووه‌ و له‌ به‌رهه‌مه‌كانی هه‌وڵ و تێكۆشانه‌كانی، چاپی سێ كتێب به‌ نێوه‌كانی «وزه‌ی ڕووناكی»، «شاری ئه‌وین» و «باخچه‌ی ساوا» بووه‌. هه‌روه‌ها دیوانێكی شێعریشی ئاماده‌ی چاپه‌ كه به‌و زووانه‌ ده‌درێته بازاڕ. ئه‌و له‌ شێعره‌كانیدا نازناوی «ئارام»ی بۆ خۆی دیاری كردبوو. 

مامۆستا فه‌یزبه‌خش له‌و كۆتاییانه‌دا، تووشی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ بوو و دوای تێپه‌ڕاندنی خولێكی ئه‌سته‌می نه‌خۆشی، شه‌وی پێنجشه‌ممه‌ی ٢٩ی گوڵانی ١٤٠٢ كۆچی دوایی كرد.

ڕێوڕه‌سمی به‌خاك‌سپاردنی ئه‌و، ڕۆژی هه‌ینی له‌ گۆڕستانی «ئایچی»ی سه‌قز و به‌ ئاماده‌ بوونی جه‌ماوه‌رێكی زۆر له‌ چینه‌ جۆراوجۆره‌كان به‌ڕێوه‌ چوو.

پێگه‌ی ڕاگه‌یاندنی ئیسلاح به‌بۆنه‌ی كۆچی دوایی خوالێخۆشبوو، سه‌ره‌خۆشی له‌ كۆمه‌ڵگای ئه‌هلی سوننه‌ت و به‌تایبه‌ت بنه‌ماڵه‌ی به‌ڕێزی ده‌كات.